بنیاتنانەوەى عێراق: گفتوگۆیەکى کراوە لەنێوان دوو ئەندازیاردا

2021 August 30

ئەندازیارى کارەبا، لەما عەساسە، لەدەرەوەى باڵەخانەى پەرستارى و دەرمانخانەى زانکۆى نەینەوا وەستاوە لە موسڵ و لاى چپ، و ئەندازیارى پڕۆژە، عەلى نورى لەڕاستەوە، لەبەردەم پڕۆژەیەکى بنیاتنانەوە لە ڕەمادى. وێنە: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

پێنج ساڵ بەسەر ئازادبوون لەژێر دەستى داعش تێپەڕیوە و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ حکومەتى عێراقدا بەمەبەستى سەقامگیرکردن و بنیاتنانەوەى ژێرخانە سەرەکییەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەى لەمیانى جەنگدا پەکیان کەوتووە. لەڕێگەى کۆمەکى دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرییەوە زیاتر لە 95 لەسەدى کارەکە لەڕێگەى کەرتى تایبەتەوە گرێبەست کراوە کە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى تێچوو و بووژاندنەوەى ئابوورییە نێوخۆییەکان و داهاتێکى بەپەلەش دابین دەکات.

بەڵام ئاخۆ بنیاتنانەوەى عێراقى دواى داعش بۆ ئەندازیاران چی دەگەیەنێت؟ ئایا ئەم هەوڵانەى سەقامگیرکردن چۆن دەتوانن کەشێکى ئارام و شکۆمەند بۆ عێراقییە گەڕاوەکان بڕەخسێنن؟

لەپشت بەرنامەکەوە تیمێکى بەهێزى 200 ئەندازیارى بەتوانا لە باکور و ناوەڕاستى عێراق هەیە. بە سووربوونیان لەسەر خزمەتکردن، وەڵامى پڕ بەپێستى ئەم پرسیارانەن. کاتێک گەیشتینە لایان، ئەندازیارەکان لەگفتوگۆدابوون لەگەڵ یەکتریدا. زیاتر لەو بارەیەوە بخوێنەوە.

لەما: سڵاو، من لەما عەساسە م لە شارى مێژوویى دیمەشقەوە لە سوریا. لەساڵى 2019 دا وەک ئەندازیارێکى کارەبا لە موسڵ و ناوچەکانى دەوروبەریدا لەگەڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق دەستم بە کارکردن کرد. ئەى تۆ؟

عەلى: خۆشحاڵم بە ناسینت، لەما. من عەلى نوریم خەڵى ڕومادی سەر بە پاڕێزگاى ئەنباڕم. لە ساڵى 2017وە لەم بەرنامەیەدا کاردەکەم. هەمیشە ئاواتەخوازبووم ببم بە ئەندازیار و گۆڕانکارییەک دروست بکەم، جا گەورەبێت یان بچوک. ئەمەش لەگەڵ ئاواتەکەمدا دەگونجێت لەکاتێکدا وەڵاتەکەم خەریکە پاش چەندین ساڵ لە جەنگ چاکدەبێتەوە.

لەما: ئەمەش خۆمم بەبیر دەهێنێتەوە کە بۆ یەکەم جار دەستمپێکرد. هەمیشە ویستوومە وڵاتەکەم بنیاتبنێم و بەرەوپێشەوەى ببەم، و هەر بۆیە ئەندازیارى باشترین بوار بووە بۆمن. زۆر دڵخۆشم کە کارەکەم کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆى بەسەر ژیانى خەڵکییەوە هەیە.

عەلى: هاوڕاتم، لەما. لەو کاتەوەى کۆلێژم تەواو کردووە لە ساڵى 2007 ەوە، لەگەل کۆمەڵێک ڕێکخراودا وەک ئەندازیار کارم کردووە بۆ شیاندنەوەى ژێرخانە وێرانبووەکان لەسەرانسەرى عێراقدا. لەماوەى ئەو چەند ساڵەدا، تواناى دڵنیاییدانم پەیداکردووە لە کواڵیتى بنیاتنان و بڕیارى دروست بۆ چارەسەرکردنى ئەو ئاستەنگانەى ڕۆژانە دێنە بەردەمم بدەم. چ جۆرە ئاستەنگێک دێنە بەردەمت لەکاتى کارکردندا؟ 

 

ئەندازیار عەلى نورى و هاوپیشەکەى، بەشار، کار لەسەر نۆژەنکردنەوەى وێستگەى لاوەکى کارەباى ئەل قادسییە دەکەن لە ڕومادى. وێنە: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان

 

لەما: ئاستەنگێک کە سەرەکیترینە و ڕووبەڕوومان دەبێتەوە بریتییە لە دڵنیاییدان لە جێبەجێکردنى تایبەتمەندییە داواکراوەکان و تەواوکردنى کارەکان لە ماوەیەکى کورتدا کە بۆیان دیاریکراوە و دامەزراوە نۆژەنکاروەکە ڕادەستى دەسەڵاتە نیوخۆییەکان بکەینەوە. بەڕاشکاوى بڵێم، ئەمەش بەبێ کارى هەرەوەزى و دیاریکردنى کات بۆ کارەکانمان ئەستەمە بێتەدى.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە سەرنجڕاکێشترین بەشى کارەکەم بەسەربردنى کاتە لە شوێنى کار بۆ چاودێریکردنى بەرەوپێشچوونى کارەکان و پاشان بینینى کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانى خزمەتگوزارییە نۆژەنکراوەکە بەسەر کۆمەڵگاوە. ئەى تۆ، عەلى؟

عەلى: بەهۆى جەنگى دژ بە داعشەوە، زۆربەى ژیارخانەکان و خزمەتگوزارییەکان لە ئەنباڕ وێران بوون و ژمارەیەکى بێشومارى دانیشتوان ئاوارەبوون. پێویست بوو پەلە بکەین لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنى پلانێک بۆ شیاندنەوەى ژێرخانى هەریەک لە کەرتەکانى تەندروستى و ئاو و ئاوەڕۆ و پەروەردە و کارەبا. ماوەیەکى کورت پاش خستنەگەڕى بەرنامەى سەقامگیرکردنى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە ڕومادى، یەکێک بووم لەو ئەندازیارانەى یەکەمجار گەڕامەوە ژارەکەم بۆ سەرپەرشتیکردنى پڕۆژەکان.

پاش ئازادکربوون لەدەستى داعش، خۆم و خانەوادەکەم گەڕاینەوە سەر ماڵێکى نیمچە ڕووخاو. ویرانکارییەکەم بەچاوى خۆم بینیبوو و سوور بووم لەسەر ئاوەدانکردنەوەى شارەکەم و گێڕانەوەى بۆ سەردەمى شکۆمەندى.

لەڕاستیدا، ئەم بەرنامەیە کاریگەرییەکى ئەرێنى بەسەر ژیانى دانیشتوانى ئەنباڕەوە جێهێشتووە. ئێستاش خەلکى متمانەیان هەیە کە ئەگەر بە پڕۆژەیەکەوە پابەندبین دەتوانین بە ئەنجامى بگەیەنین. هەندێک لە دانیشتوان تەنانەت هاندران لەگەڵماندا بەشداربن. بۆ نمونە، لەیەکێک لە بەرنامەکانمان بۆ نۆژەنکردنەوەى قوتابخانە لە ڕومادى، بەڕیوەبەرى قوتابخانەکە و یەکێک لە مامۆستاکان خۆەبخشانە هاتن بۆئەوەى کارمان لەگەڵدا بکەن بەمەبەستى تەواوکردنى پڕۆژەکە و هاریکاریکردنى منداڵان بۆ گەڕانەوە بۆ قوتابخانە. لە شوێنێکى ترى کارکردنى کارەبادا، ئەو دانیشتوانەى نزیک ئەو شوێنە دەژیان خواردن و ئاویان بۆ سەرپەرشتیارەکان دابین کرد. تەنانەت لەهەندێک حاڵەتدا دانیشتوان کارى پاسەوانى و چاککردنەوەى کەرەستەکانى پڕۆژەکەیان بە خۆڕایى ئەنجامدا.

 

ئەندازیار لەما عەساسە لەمیانى سەردانیدا بۆ باڵەخانەى پەرستارى و دەرمانخانەى زانکۆى نەینەوا لە موسڵ. وێنە: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

 

لەما: لەسەرەتادا، دۆزینەوەى دەستی کارى شارەزا بۆ کارکردن لە پڕۆژە تایبەتەکان ئەستەم بوو چونکە زۆربەى ئەندازیاران بەهۆى داعشەوە شارەکەیان جێهێشتبوو. پڕۆژەکانى نۆژەنکردنەوە دەرفەتى دامەزراندن دەڕەخسێنن و بژێوى ژیان باشتر دەکەن و ئەمەش هانى خەڵکى دەدات بگەڕێنەوە و دووبارە شارەکانى خۆیان بنیات بنێنەوە. بڕوام وایە بە کردنەوەى دەرگا لەبەردەم توانا لۆکاڵییەکان کلیلى بنیاتنانەوەى عێراقە بە شێوەیەکى بەردەوام.

 

ئەندازیار لەما لەگەڵ هاوپیشەکەیدا، لە نێو وێستگەى لاوەکى باب ئەل توب لە موسڵ. وێنە: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

 

عەلى: ئەم بەرنامەیە گەزارشتێکى ڕاستگۆیانەیە بۆ دەستەواژەى چارەسەرى نێوخۆیى بۆ کێشە نێوخۆییەکانە. دڵخۆشم کە لێرەم. هیوادارم تاکو مانەوەمان پێویستبێت بەردەوام بین لە هاریکاریکردنى ئەو عێراقییانەى ماندووى چاکبوونەوەن لە زەبرەکانى چەندساڵەى جەنگ.

 

ئەندازیار عەلى و تیمەکەى لەدەرەوەى قوتابخانەى ئامادەیى خالیدییە لە حەبانیە لە ئەنباڕ. وێنە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.

 

لەما: هاوڕام، زۆرێک لە ژێرخانەکان وێرانن و خەڵکیش تاکو ئێستا لەئاوارەییدا دەژین. هەرچەندە پڕۆژەیەکى زۆرى ژێرخانمان تەواو کردووە، هێشتا نەخۆشخانە و وێستگەى لاوەکى کارەبا و وێستگەى چارەسەرکردنى ئاو و دوکان و قوتابخانە و خانووى زۆر ماون کە وێرانن. بڕوام وایە کە پێویستە سەرنجمان بگوازینەوە سەر ڕەخساندنى بژێوى بەردەوامو بەردەستبوونى بەردەوامى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو خانەوادانەى گەڕاونەتەوە و ڕێگە لە ئاوارەبوون بگرین.

تاکو ئێستا، دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى 2,906 پڕۆژەى تەواو کردووە و لە ئێستادا خەریکى جێبەجێکردنى 278 پڕۆژەى ترە لە ئەنباڕ و سەڵاحەدین و دیالا و کەرکوک کە 14.6 ملیۆن کەس لێیان سوودمەند دەبێت.