باشترکردنی دۆخى بایەخپێدان بە دایکان لە ڕەمادیدا

2021 September 9

نەخۆشخانەی فێرکاری نۆژەندکراوە لە ڕەمادی بۆ ژنان و منداڵان خزمەتگوزاری پێشکەشی 400,000 ژن لە ئەنباردا دەکات، ئەمەش دەست بەردەستبوونى بایەخپێدانی گرنگی دایکانە باشتر دەکات

دەروازەی نەخۆشخانەی فێرکاری لە رەمادی بۆ ژنان و منداڵان. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/حەمزە ئەحمەد

نەخۆشخانەی فێرکاری بۆ ژنان و منداڵان لە ڕەمادی یەکێك بوو لە یەکەمین نەخۆشخانەکان لە ئەنباردا کە پاش ئازادکردنی شارەکە لە دەستى داعش، لە ساڵی 2016 دا ،دەستی کردەوە بە کار. هەرچەندە نەخۆشخانەکە زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتبوو لەکاتی پێكدادانەکاندا، بەڵام بەشەکانیان دووبارە کردەوە بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی پێویستییە کتوپڕەکانی خزمەتگوزارى تەندروستی بۆ ئاوارە گەڕاوەکان.

دکتۆر مونعم عەفتان ئەیاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری لە رەمادی، لە ژوورەکەی خۆیدا. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/حەمزە ئەحمەد

دکتۆر مونعم ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری لە رەمادی، گوتی "پاش داعش، ئێمە یەکێك بووین لە یەکەمین نەخۆشخانەکان بۆ دەستکردنەوە بە دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانمان بۆ دانیشتوان لە رەمادیدا. کارێکی سەخت بوو چونکە زۆربەی بەشەکانی نەخۆشخانەکە یان زیانی بەرکەوتبوو یان کاول بووبوو. کارێکى زۆرمان کرد بۆ خستنەوە کاری بەشە بچووکەکانی نەخۆشخانەکە. لەیادمە کارمەندەکان شەو و ڕۆژ کاریان دەکرد بۆ ڕاماڵینی داروبەردى ڕووخاو و شوشتنی نهۆمەکان و چاککردنەوەی کەلوپەلەکان. ئەمەش تەنها بەهۆی ئەوەی هەموو پێکەوە وەکو تیم کارمان دەکرد توانرا ئەنجام بدرێت."

لەو کاتەدا، بەلای خێزانە گەڕاوەکانەوە دەست گەشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کارێکی ئاستەم بوو چونکە زۆربەی ناوەندە تەندروستییە سەرەکییەکان و نەخۆشخانەکان یان زیانیان بەرکەوتبوو یان وێران بووبوون. لەبەر ئەمە، کارمەندانی نەخۆشخانەکە بەشێکی بچووکی دامەزراوەکەیان بەکارهێنا بۆ دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان.

دکتۆر تەمادر ئەلعەلوشی، 51 ساڵ، پسپۆری ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکەدا، گوتی "یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان کە بەرۆکی گرتین لەو کاتەدا هاتوچۆ بەناو داروبەردە ڕووخاوەکە و کەمی داو و دەرمان و کەلوپەلی نەشتەرگەری و شوێن بۆ چارەسەرى منداڵانی ساوا  پاش نەشتەرگەری بوو. ماندونەناسانە کارمان کرد بۆ ئەوەی هەموو نەخۆشێك وەربگرین و چارەسەر بکەین کە دەهاتە نەخۆشخانەکەمانەوە. بەڵام شوێنی گونجاو و بەشی پێویستمان نەبوو .

لە سەرەتای 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کارى شیاندنەوەی نەخۆشخانەی فێرکاری بۆ ژنان و منداڵان لە ڕەمادی تەواو کرد. ئەم کارە نۆژەنکردنەوەى ژوورەکانی نەشتەرگەری و قاوشی ژانگرتنی منداڵبوون و سیستەمەکانی ئاو و کارەبا و شوێنی مانەوەی دکتۆری لەخۆ گرتبوو. ئەم نەخۆشخانە سەردەمیانە 260 قەڕەوێڵەییە خزمەتی 400,000 ژن دەکات لە ئەنباردا بە خزمەتگوزارییدایکایەتی تایبەتمەندەوە.

دکتۆر تەمادەر ئەلعەلوشی چارەسەری نەخۆشەکەی خۆی، مونا سەتار، دەکات کە لەم دواییانەدا نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووانەی منداڵبوونى بۆ کراوە. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/حەمزە ئەحمەد

دکتۆر تەمادەر گوتیشی "ئەمڕۆ نەخۆشخانەکە هیچ لەوەی چەند ساڵێك لەمەو بەر ناچێت. شیاندنەوەی نەخۆشخانەکە لە باڵەخانەیەکى داڕووخاوەوە کە بەشە پێویستەکانی نەبوو بووە نەخۆشخانەیەکی گونجاو و چاك. ئێستا نەخۆشخانەکە پڕە لە کەلوپەل و ئەساس کە پێویستمانە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری ئاست بەرز بۆ دایکانی دووگیان و تازە لەدایکبووان."

کاری شیاندنەوەکە بەشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکەی گرتەوە، وەکو ژوورەکانی نەشتەرگەری و بۆرییەکانی ئاو و سیستەمی کارەبا و قاوشی نەخۆش و شوێنی مانەوەی کارمەندان. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بەهەمان شێوە کەلوپەلی پزیشکیشی دابین کردووە بۆ بایەخپێدانی دووگیانی و پشکنین و نەشتەرگەری ئاڵۆز و تاقیگە. لە ئێستادا نەخۆشخانەکە خزمەتی زیاتر لە 6000  ژن دەکات کە مانگانە کە زیاتر لە  1,200دانەیان حاڵەتی ئاڵۆزن و زیاتر لە 600 دانەیان نەشتەرگەرین کە پێویستیان بە چاودێرى چڕ و وردی پاش نەشتەرگەری هەیە.

دکتۆر نیبراس ڕابیع، کارمەندی پزیشکیی باڵا، خەریکی دابینکردنی چارەسەرە بۆ منداڵانی تازە لەدایکبووی پێشوەختە لە نەخۆشخانەکەدا. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/حەمزە ئەحمەد

دکتۆر نیبراس رابیع، 43  ساڵان، کارمەندی پزیشکیی باڵا لە نەخۆشخانەکە، گوتی "لەنەخۆشخانەکەدا ئێمە زۆر باشتر کارەکانمان دەڕوات. خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ هەموو دانیشتوانی ئەنبار دابین دەکەین. بۆ بەرەوپێشچوون، ئێمە پێویستە کارامەییەکانمان و بەشەکانمان لە نوێگەریدا بن بۆ ئەوەی داهێنانەکانی بایەخپێدانی تەندروستیی بەردەوام بن."

وەکو تاکە دامەزراو لە ئەنباردا، ئەم نەخۆشانەیە خزمەتگوزاری بۆ ژنانی ناوچەکانی وەکو هیت و حەدیسە و عانە و ڕاوە و ئەلقائم دابین دەکات. زیاتر لە 1450 کارمەندی شیاوی پزیشکی و کارگێڕییان هەیە بۆ دابینکردنی بایەخپێدانی ئاستبەرزی دایکایەتی بۆ نەخۆشەکان.

ژوورەکانی نەشتەرگەری و قاوشەکانی بایەخپێدان بە منداڵان کاری شیاندنەوەیان بۆ کرا لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقەوە. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/حەمزە ئەحمەد

مونا سەتار، 27 ساڵان، کە لەم دواییانەدا منداڵی سێهەمی بووە، گوتی "هەموو منداڵبوونەکانم بە سەرکەوتووانە بووە لەم نەخۆشخانەیەدا. کاتێك پاش داعش گەڕامەوە، بینیم سەختە جارێکی تر ژیان ئاسایی ببێتەوە، چجای دەست گەشتن بە دامەزراوەکانی خزمەتگوزارى تەندروستی ئاست بەرز. بەڵام پاش سێ منداڵبوون، شانازی دەکەم بەو خزمەتگوزاری و بەشە نایابانەی لە نەخۆشخانەکەدا هەن."

شیاندنەوەی نەخۆشخانەی منداڵبوونی رەمادی لەلایەن دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بە کۆمەکی لەلایەن وەزارەتی فیدڕالی ئەڵمانیاوە بۆ هاریکاری و پەرەپێدانی ئابوری لەڕێی بانکی پەرەپێدانی ئەڵمانیاوە دابین کرا.