"دۆزینەوەى هەلى تازە لەژیاندا" : لاوانى باشورى عێراق ڕاهێنانیان لەسەر پەیامنێرى کۆمەڵگادا پێکرا

2019 December 6

هەولێر، 6 ى کانونى یەکەمى 2019- "ئەم ڕاهێنانە لە زۆر ڕووەوە هاوکارمان دەبێت لە دۆزینەوەى کار و دەرفەتى تازە لەژیاندا". ئەمە گوتەى شەهەد حسین ئەلتەمیمی بوو کە دانیشتووى میسانە و لەنێو ئەو 35 لاوە عێراقییەى شارەکانى باشوردا بوو کە ڕاهێنانیان لەسەر پەیامنیرى فۆتۆگرافى پێکرا بۆ ئەوەى ببن بە پەیامنێرانى کۆمەڵگا.

ڕاهێنراوەکان لە شارەکانى بەسڕە و میسان و زیقارەوە هاتبوون بۆئەوەى لە شارى هەولێر بچنە بەر ڕاهێنانەوە، لەبەروارى 1-5 ى کانونى یەکەمى 2019 دا. یەکێتى ئەوروپا هەستا بە کۆمەککردنى ئەم پڕۆژەیە لەچوارچێوەى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى عێراق لەڕێى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە ى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ، بەمەبەستى هاریکاریکردنى لاوانى بەهرەمەند بۆ بەرزکردنەوەى تواناکانیان و لەهەمان کاتدا بتوانن بەشێوەیەکى باشتر لە بازاڕى کاردا دەرفەتى باشتریان هەبێت.

ڕاهێنراوەکان فێرى تەکنیکەکانى ڕۆژنامەوانى و ڤیدیۆگرافى و فۆتۆگرافى و هەروەها گێڕانەوەى چیرۆکەکان و ڕاپۆرتکردن لەڕێگەى کامیراو نووسین و چاککردن و کۆمەڵێک بابەتى تر بوون. لە هەمان کاتدا ڕاهێنەرەکان ئاشنایان کردن بە خوڕەوشتى ڕۆژنامەوانى و مافەکانى مرۆڤ و ڕەگەز و یاسا جێبەجێکراوەکان. هەروەها بازارى کۆنى هەولێر و قەڵا دێرینەکەى ببوون بە دوو شوێنی سەرەکى بۆ ڕاهێنراوەکان بەمەبەستى دەستخستنى وێنە و ڤیدیۆى دەوڵەمەند لەڕووى کلتورییەوە.

بلال ئەلغەربی، دانیشتووى بەسڕەیە، گوتى: "بەشداریم لەم ڕاهێنانەدا کردووە چوونکە وەک دەرفەتێکە بۆ من تاوەکو پەرە بە بەهرەکانم بدەم و ئەزموون بەدەست بهێنم لە بوارى ڕۆژنامەوانى و فۆۆتۆگرافیدا".

هەروەها زید عبد ئەلغەنی، کە خەڵکى زیقارە، گوتى، "بەو هیوایەم بتوانین خزمەت بە پارێزگاکەمان بگەیەنین، ئەگەر کەمیش بێت، و بتوانین ڕاستییەکان بە جیهان بڵێین لەبارەى زیقار و دانیشتوانەکەى".

ڕاهێنراوەکان گفتوگۆیان لەگەڵ نوێنەرى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد ئەنجام دا و بەڕێزیان گوتى: "ڕۆڵى لاوان لە پەرەسەندنى کۆمەڵگاکانیان و هێنانەوەى عێراق بۆسەر ڕێڕەوى سەقامگیرى و ئاسایش و بووژانەوە کە لەهەمان کاتدا لە هەموو ڕوویەکەوە پڕە لە پەرەسەندنى مرۆیى گرینگە".

لەژێر ڕۆشنایى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى عێراق لەڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە،  ڕاهێنانەکانى پەىامنێرانى کۆمەڵگا لە دوورەوە تاکو 2020 بەردەوام دەبێت و هەر لەو ساڵەشدا ئاهەنگى دەرچوونیان بۆ ساز دەکرێت. بەو توانا و بەهرەیەى بەدەستیان هێناوە، ڕاهێنراوەکان هەڵدەستن بە گواستنەوەى چاڵاکییەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و چیرۆکە پەیوەندیدارەکانى تر بە پەرەسەندنى نێوخۆییەوە لە پارێزگاکانیاندا وەک پەیامنێرى ئازادى کۆمەڵگا. 

وێنەكان: لیما ابراهيم و لینا محمد \ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرپێدان \ 2019