ژمارەیەک پەنابەرى سورى و ئاوارەى نێوخۆیى عێراقى و ئەندامانى کۆمەڵگا لەخۆگرەکان ڕاهێنانیان پێکراوە بۆ ئەوەى ببن بە پەیامنێرانى کۆمەڵگا

2019 October 2

هەولێر، ١ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩-نزیکەى ٤٥ پەنابەرى لاوى سورى و ئاوارەى نێوخۆیى و ئەندامانى کۆمەڵگا لەخۆگرەکانى شارەکانى هەولێر و دهۆک و سلێمانى و نەینەوا ڕاهێنانیان لەبارەى پەیامنێرى پەخش و فۆتۆگرافییەوە پێکرا بۆئەوەى ببن بە پەیامنێرانى کۆمەڵگا. ڕاهێنانەکە لە زانکۆى کوردستان – هەولێر، لە شارى هەولێر لە بەروارى ٢١-٣٠ ئەیلولى ٢٠١٩ ئەنجام درا.

سندوقى متمانەى هەرێمى سەر بە یەکێتى ئەوروپا بۆ بەدەمەوەهاتنى قەیرانەکانى سوریا، سندوقى متمانەى مەدەد ى سەر بە یەکێتى ئەوروپا، هەستا بە داراییکردنى ئەم پڕۆژەیە لەژێر سەرپەرشتى بەرنامەى “بەرەوپێشەوە”ى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێداندا بەمەبەستى هاندانى لاوە داهێنەرەکان لە پەرەپێدانى بەهرەکانیان و بۆئەوەى بتوانن لە بازاڕى کاردا دەرفەتێکى باشتریان هەبێت.

“ساتێکى تۆقێنەربوو کاتێک داعش هاتە نێو شارەکەمانەوە. خێزانەکەم بەهۆى تۆپبارانەوە مردن، سەرەڕاى ئەوەش ئەمە بووبە خاڵێکى وەرچەرخان لەوەى کە هانبدرێم. دەمەوێت ژیان و ناڵەى خەڵک نیشان بدەم بەتایبەتى لە نەینەوادا”. قصی مصطفى عبدالوهاب ئاوارەیەکى نێوخۆی خەڵکى نەینەوایە و لەنێو ئەو دەستنیشانکراوانەدایە کە تەمەنیان لە ١٨-٢٩ ساڵییە لە کۆى ٧٥٠ کەس لەوانەى داواکارى بەشداربوونیان پێشکەش کردبوو.

ڕاهێنراوەکان فێرى تەکنیکەکانى ڕۆژنامەوانى و فیدیۆگرافى و فۆتۆگرافى و هەروەها گێڕانەوەى چیرۆکەکان و ڕاپۆرتکردن لەڕێگەى کامیراو نوسین و چاککردن و کۆمەڵێک بابەتى تر بوون. لەهەمان کاتدا ڕاهێنەرەکان ئاشنایان کردن بە خوڕەوشتى ڕۆژنامەوانى و مافەکانى مرۆڤ و ڕەگەز و یاساجێبەجێکراوەکانیان کردن.

فاطمة ناصر عبدالله، پەنابەرێکى سورییە و دانیشتووى کەمپى قوشتەپەیە، گوتى: “بەهۆى ئەوەى دەمەوێت ببم بە فۆتۆگرافەرێکى نێودەوڵەتى بەشداریم لەم ڕاهێنانەدا کردووە. ئەم ڕاهێنانە یارمەتیدەرێکى زۆر گەوروەدەبێت بۆمان. “

ڕاهێنراوەکان هەستان بە جێبەجێکردنى زانیاریە تیۆریەکان لەڕێگەى کارى مەیدانی و دروستکردنى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیى و چیرۆکى وێنەیى، لەنێو بابەتەکاندا بازاڕى کۆنى هەولێر و قەڵادێرینەکەى و پارکى سامى عبدالرحمن هەبوون.

تۆڕى میدیاى ڕووداو هەستا بە میوانداریکردنى ڕاهێنراوان بۆ نێو ستۆدیۆکەیان و توانییان ئەزمونێکى بەرزى پەیوەندى دووڵایەنە لەگەڵ سەرنوسەران و شارەزایانى بوارى پەخشى ڕاستەوخۆ و بەڕێوەبەرى گشتى تۆڕەکە، ئاکۆ محمد دا پەیدا بکەن. هەروەها ڕاهێنراوەکان گەشتێکى مەیدانییان بۆ نێو بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دا و تیایدا چاویان کەوت بە بەرپرسانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکانUNDP و یەکێتى ئەوروپا EU. لەوێدا کورتەیەکیان لەبارەى سروشتى کارکردن لە ئاژانسە جیاجیاکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و خۆبەخشانى نەتەوە یەکگرتووەکان پێدرا.

لەژێر چەترى بەرنامەى “بەرەوپێشەوە”دا، ڕاهێنانى پەیامنێرانى کۆمەڵگا تاکو ساڵى ٢٠٢٠ لە دوورەوە بەردەوام دەبێت و هەر لەو ساڵەشدا ئاهەنگى دەرچوونیان بۆ ڕێکدەخرێت.