لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بۆ یارمەتیدان لە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی عێراقدا

2021 September 12

بەغدا، 12 ی ئەیلولی 2021 - ئەمڕۆ ڕێکخراوی ئاماری ناوەندى سەر بە وەزارەتی پلاندانان بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و بە کۆمەکی دەزگای وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان لە عێراقدا دەست پێکردن. لێکۆڵینەوەکە بنچینەیەکى بەڵگەیى فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیژیەتەکان بە گونجاوی دابڕێژرێن بە ئامانجی دروستکردنی گوزەرانی بەردەوامیپێدراو و هەروەها لەگەڵیشیدا لە ڕێگەى پەرەپێدانی کاری کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکانەوە.

ئەو ڕاپرسییەى فەرمی و نافەرمییەى کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان ، کە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە کۆمەکی کراوە، هەرسێ پارێزگای بەغداد و بەسڕە و نەینەواى ڕووماڵ کرد. ئەم ڕاپرسییە بۆ بنیادنانی شیکاری چڕوپڕ دیزاینکراوە لەسەر پەیکەربەند و شێواز و داینامیکى کار و ئاستەنگ و دەرفەتەکانی کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان، لەڕیی زانیاری و شیکاری نوێ و پشت پێبەستراوى پەیوەندیدار بە بازاڕەوە.

هەندێك لە ئەنجامە سەرەکییەکانی ڕاپرسییەکە بەشداری کەمی ژنانی خستە بەرچاو لە خاوەندارێتی کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکاندا (%5) لەگەڵ ئاستەنگە کەڵەکەبووەکانى بەردەم کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان بەهۆی کاریگەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لاوازی شێوازی کار و پەیکەربەندی تۆڕی کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکانەوە.

وەزیرى پلان دانان، دکتۆر خالید بەتاڵ ئەلنەجم، پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکە دووپات کردەوە و گوتی:  "لەژێر ڕۆشنایى ڕێنماییەکانی حکومەتی عێراقدا کە لەڕێگەى وەزارەتی پلاندانانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن بۆ خستنە ڕوو و چاکسازی ئابوری و چالاککردنی کەرتی تایبەت و توانادار کردنی بۆ ئەوەی بەشدارییەکى چاڵاکى لە ئابووریدا هەبێت بە هەموو کەرتەکانیەوە، پێویست بوو قەبارەی ئەم کەرتە و پێویستییەکانی و ئاستی کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان بکرێت بۆ کرێکاران لە کەرتی نافەرمیدا."

هەروەها گوتیشی "بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و کۆمەکى دەزگای وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی ئاماری ناوەندی هەستا بە ئەنجامدانى ڕاپرسییەک بۆ ڕووماڵکردنی ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەتیدا کاردەکەن بە ئامانجی دابینکردنی ئاماژەدەری ئابوری کە دەبێتە ڕێبەرى پلاندانان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و پەرەپێدانی کۆمپانیا بچوك و مامناوەندەکان. ئەم لێکۆڵینەوەیە چەند بوارێکی گرتەوە، لەوانە دارایی و ئاستەنگەکانی بەردەم قەرزکردن و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەمیانە و تێگەشتن لە ڕێژەی بەشداری ژنانی کارساز."

جەنابی وەزیر ئەو پشتیوانییە گەورەیەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەزگای وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم لێکۆڵینەوە گرنگەدا بەرز نرخاند، کە هیوای ئەوەی بۆ دەخوازرێت لە قۆناغی دواتردا هەموو پارێزگاکان بگرێتەوە، هەروەها ئامادەبوونیشی پێشاندا بۆ هاریکاری زیاتر لە بوارە جیاجیاکاندا.

جۆن کاردێناس، بەڕێوەبەری کاری دەزگای وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا جەختی خستە سەر ڕۆڵی هەرە گرنگی کۆمپانیا بچوك و مامناوەندەکان لە بنیادنانی ئابورییە نێوخۆییەکاندا. بەڕێزیان لەوبارەیەوە گوتی "ئەم جۆرە کارانە ڕەگی ژیانی هەموو ئابوورییەکی تەندروستن. دەرفەتی بێ وێنە دابین دەکەن بۆ لاوان و ژنان و دانیشتوانی دۆخناسک بۆ ئەوەی بە چاڵاکانە بەشداری بکەن لە بازاڕدا و بەشداربن لە گەشە و سەقامگیری دوور مەوداى ئابوری وڵاتەکەدا. ئێمە سەربەرزین بەوەی هاوبەشین لەگەڵ هاوتاکانمان لە حکومەتی عێراقی و کەرتی تایبەتدا بۆ خستنەگەڕی دەستپێشخەریى گرنگ بۆ پڕۆژەی چاکسازی و بەهێزکردنی گەشەکردنی ئەم جۆرە کارانە و بەرزکردنەوەی ڕۆڵەکانیان لە ئابوری عێراقدا."

زینە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا، گوتی "کۆمپانیا بچوك و مامناوەندەکان لە عێراقدا چەندان ئاستەنگی سەختیان دێتە ڕی. لەگەڵ بەردەوامبوونمان لە هەڵکردنمان لەگەڵ کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی کاریگەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا، ئەم لێکۆڵینەوەیە گرنگییەکانی کەرتی تایبەت دەخەنە بەرچاو لە عێراقدا بۆ دروستکردنی دەرفەتی کارى بەردەوام بەتایبەتی بۆ خەڵکانی دۆخناسك. ئەم کارە گرنگە نەدەکرا بەبێ هاوبەشییە بەهێزەکەمان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و پشتیوانییە بەخشندەکەی دەزگای ناوبراوەوە کە هاوبەشێکی دێرینمانە."

ئەم ڕاپرسیە بەشێکە لە بەرنامەی دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ چاکسازیی ئابوری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا- کە لەلایەن ئەم بەرنامەیەوە دیزاینکراوە بۆ برەودان بە چاکسازی ئابوری بەردەوام کە جەخت بخاتە سەر هەژاری لە وڵاتەکەدا، لەگەڵ پشتیوانییە بەخشندەکەی هاوڵاتیانی ئەمریکی لەڕێی دەزگای ناوبراوەوە.


بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

محەمەد ئەلبەهبەهانى، پسپۆڕى پەیوەندییەکان، 9647704399222+