ژیانى محەمەد چۆن بەرەو باشتر گۆڕا

2021 February 21

محەمەد عەبدولکەریمى تەمەن 24 ساڵ، کە خەڵکى شارى بەسڕەیە، لەکاتى باسى خولیاى بوون بە وێنەگردا گوتى” هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینى ببم بە فۆتۆگرافەر، بەڵام بڕوام نەدەکرد ئەو خەونەم بێتە دی. پارەى ئەوەم نەبوو کەرەستەى پێویست بۆ فۆتۆگرافى بکڕم و کامێرایەکى پیشەگەرانەم نەبوو. خەریک بوو دەستبەردارى خەونەکەم دەبووم.”

لە ئەیلولى 2019 دا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستا بە ڕاگەیاندنى دەستپێشخەرییەک بۆ ڕاهێنانى 80 کەس لە لاوەکانى ئاوارەى نێوخۆ و دانیشتوانى کۆمەڵگا لەخۆگرەکان و ئاوارە سورییەکان بۆئەوەى پاش ڕاهێنانیان لەسەر ڕۆژنامەوانى تەلەفزیۆنى و وێنەگرى ڕۆژنامەوانى ببن بە پەیامنێرى کۆمەڵگا وفۆتۆگرافەر. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە بریتییە لە دامەزراندنى کۆمەڵەیەک لە پەیامنێرى مەیدانى بۆ زانینى ڕاى کۆمەڵگا نێوخۆییەکان لەڕێگەى وەرگرتنى سەرنجەکانیانەوە لەبارەى چاڵاکییەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و پشتیوانیکردنى بەشداربووان لە پەرەپێدان و پێشخستنى خولیاکانیان و دەستکەوتنى هەلى کار وەک وینەگر و پەیامنێر.

محەمەد لەنێو بەشداربووانى ئەو خولەدا بوو کە تیایدا ڕاهێنانى لەسەر وێنەى فۆتۆگرافى و چۆنیەتى دروستکردنى چیرۆک لەڕێگەى وێنەوە پێدرابوو و توانیبووى لە کەسێکى نەشارەزاوە لەبوارى وێنەگرتندا بگۆڕێت بۆ فۆتۆگرافەرێکى چاڵاک. محەمەد گوتى: “لەو خولەدا دەرفەتى بەرەوپێشچوونى خۆمم دەستکەوت و توانیم وێنەگرتن لە خولیایەکەوە بگۆڕم بۆ کارێک کە لەڕێگەیەوە داهاتێکى داراییم دەست بخات.”

ئێستا محەمەد وەک پەیامنێرێکى مەیدانى کاردەکات بۆ ڕووماڵکردنى کارەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە بەسڕە و هەروەها ئەو پڕۆژانەى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئەنجامیان دەدات بەشێوەیەک وێنەى ژوورەکانى جیاکردنەوەى نەخۆشى گرتووە کە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لەکاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنادا دایمەزراندووە لە پارێزگاکەدا.

هەروەها دەڵێت: “کارم لەسەر ڕووماڵکردنى چاڵاکییەکانى بەرنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەکرد لەبەسڕە لەو کاتانەدا قەدەغەى هاتووچۆ ڕاگەیەنرابوو و گشت کارێک وەستابوو. ئەمە هاوکاری کردم خەرجى خۆم و خانەوادەکەم لەم کاتە سەختەدا دابین بکەم.”

محەمەد پیشەى فۆتۆگرافى لە عێراقدا بە پیشەیەکى ئەستەم ناودەبات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیازى دامەزراندنى کۆمپانیایەکى وێنەگرتنە لەگەڵ هاوڕێکانیدا.

لەبارەى دەستپێشخەرى پەیامنێرە مەیدانییەکانەوە:

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان هەستا بە ئەنجامدانى دەستپێشخەرییەک بۆ دروستکردنى تیمێک لە پەیامنێرى مەیدانى لە چوارچێوەى بەرنامەى “بەرەوپێشەوە” ى کۆمەک کراو لەلایەن سندوقى متمانەى هەرێمى ئەوروپى بۆ بەدەمەوەهاتنى قەیرانەکانى سوریا، “سندوقى مەداد”   و بەرنامەى  پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى عێراق لەڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە  کە لەلایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت بە ئامانجى پشتیوانیکردنى چینى لاوان بۆ بەرەوپێشبردنى بەهرەکانیان و باشترکردنى شوێنیان لە  بازاڕى کاردا. لەو خولەدا 80 کچ و کوڕى لاوى پارێزگاى بەسڕە و دهۆک و هەولێر و میسان و نەینەوا و سلێمانى و زیقاڕ ڕاهێنانیان لەسەر ڕۆژنامەوانى و تەکنیکى وێنەگرتنى ڕۆژنامەوانى و چیرۆکى وێنەیى و پەیامنێرى تەلەفزیۆنى و نوسین و مۆنتاج و ڕەوشتى ڕۆژنامەوانى مافەکانى مرۆڤ و ڕەگەز پێکرا. لە ئێستادا ئەو ڕاهێنراوانە وەک پەیامنێرى مەیدانى بۆ ڕووماڵکردنى چاڵاکییەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و بابەتى پەرەپێدانى تر کار دەکەن لە پارێزگاکانیاندا.